فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمان ڕەخنە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری تەندروستی دەگرن و دەڵێن" ئەو هەنگاوە بارگرانی دارایی لەسەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن و مەترسی لەسەر مافی کەمداهاتەکان دروستدەکەن".
مستەفا عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو ڕێککەوتنەی کە وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەنجامیداوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان ڕەتدەکەینەوە".
وتیشی" خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە ئەرکی حکومەتە و نابێت بکرێنە ئامرازێک بۆ زیادکردنی سامانی کۆمپانیا تایبەتەکان".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمان ڕاشیگەیاند" بە تایبەتکردنی وردە وردەی کەرتی تەندروستی و پەروەردە نوێنەرایەتی نادادپەروەرییەکی گەورە دەکات بەرامبەر ئەو هاوڵاتییانەی کە بەدەست دواکەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەباوە دەناڵێنن".
هەروەها داواشی لە داواکاری گشتی کرد کە لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکەوە گرێبەستی پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانەکان بە کەرتی تایبەت هەڵبوەشێنێتەوە.