ئەمریکا بە ٦٠ بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی گەیاندە رۆژئاوای کوردستان

ئەمریكا بە 60 بارهەڵگر چەك و پێداویستی سەربازیی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە گەیاندە ڕۆژئاوای كوردستان.

بە پێی هەواڵیکی کەناڵی (العربیە) ، ئەمریکا 60 بارهەڵگری پڕ لە چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان كردووە، كە ئەو كاروانە لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ناو خاکی ڕۆژئاوای كوردستان.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شەوی ڕابردوو ٢ فڕۆکەی جەنگی بارهەڵگری ئەمریکا، کە سەرباز و چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی پێبووە لە بنکەی سەربازی خەراب جیریی ڕومێلانی باکووری حەسەکە نیشتووەتەوە.

دەشڵێت "لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکە بارهەڵگرەکەدا لە ئاسمانی ناوچەکەدا چەندین فڕۆکە چاودێرییان کردووە".

‌هاوکات، هەر ئەمڕۆ کاروانێکی گەورەی سەربازی هاوپەیمانان لەعێراقەوە گەیشتۆتە حەسەکە و دێرەزوور.

گەیشتنی فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ ناوچەکە، لە چوارچێوەی زیاترکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئامادەییانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، چەند رۆژێک پێش نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد، ژمارەیەک سەربازیان ناردووەتە خاکی سووریا و لەئێستاشدا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا، زیاتر لە دوو هەزار سەربازە.





PM:08:42:30/12/2024