کەشناسێک: لە سەرەتای ساڵی نوێوە شەپۆلێکی سەرما و بارانبارینی بەخوڕ دەستپێدەکات

کەشناسێکی دیاری عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتایی ساڵی نوێدا عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سارد و سەرما و بارانبارینی بەخوڕ و خۆڵبارین دەبێتەوە". 

عەلی جابری شارەزای بواری کەشوهەوای دیاری عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە سەرەتایی ساڵی نوێوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ دەستپێدەکات، بەتایبەتی لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوودا کاریگەرییەکی زیاتر دەبێت، بەڵام پێشبینییەکان لە هەندێک شوێن مامناوەند دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور". 

ئەو کەشناسە دیارەی عێراق پێشبینی دەکات کە لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوودا شەپۆلێکی سارد و سەرما ڕوو لە وڵات دەکات، هەروەها پلەکانی گەرما (سێ) پلەی سیلیزی دادەبەزن بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، لە هەندێک کاتیشدا خێرایی با چالاک دەبێت کە دەبێتە هۆی کەشوهەوای سارد و ئاستی تۆمارکراویش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور لە نێوان (١٦/١٩) پلەی سەدی دەبێت.

عەلی جابری لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت" لەو ماوەدا شەپۆلی ساردی بەستەڵەک دروستنابێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم شەپۆلە کەمتر توندە لە چاو ڕۆژانی پێشوو". 



AM:08:24:31/12/2024