بەرگری شارستانی لە شەوی سەری ساڵدا ڕێکارەکانی توندتر دەکاتەوە

بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیانکردووە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕۆژی سەری ساڵ لە ناوچەکانی هەرێم". 

سەرکەوت کاکەڕەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی لە هەموو ئەو شوێنانە ڕێکخراون کە بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ دیاریکراون، بەتایبەتی کڵێساکان و شوێنەکانی ڕێوڕەسمی ئایینی". 

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم وتیشی" ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی ساڵە و بەم بۆنەیەوە چەندین شوێنی ئاهەنگگێڕان لە سەرتاسەری هەرێمدا دەبێت، هەروەها چەندین شوێنی گەشتیاریش بۆ ئاهەنگگێڕان تەرخانکراون، بۆیە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی لە تەواوی ناوچەکانی پارێزگاکان و هەموو ئیدارە سەربەخۆکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە". 

هەر لە لێدوانەکەیدا سەرکەوت کاکەڕەش داوای لە خاوەنی هۆڵە مۆڵەتپێدراوەکان کرد" بڕیار و ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی جێبەجێبکەن و پابەندبن پێیانەوە لە شەوی ئاهەنگەکەدا بۆ سەلامەتی هاوڵاتییان، و ڕێگری لە بەکارهێنانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان لەناو هۆڵە داخراوەکاندا بکرێت". 



PM:12:43:31/12/2024