لە سنووری قەزای ئامێدی بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی تورکیاوە هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند" کاتژمێر (٢:٥٠) خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سەرگەلێی کرد لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک".
ئەندامەکەی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی تۆپبارانەکانەوە هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی (محەمەد حەمید ڕەحمان) تەمەن (٣٧) ساڵ کە خەڵکی سوریایە و پیشەی کرێکارە برینداربوو.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی (سی پی تی)، لە ماوەی ئەمساڵدا (٢٣) هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومان و لە شکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون کە (١٨) کەشیان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.