کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی ئامادە دەکات، لەبارەی هەڵکوتانەسەر و داخستنی ناوەندەکەی، ڕایدەگەیەنێت" بڕیارەکە پێشێلکردنی ئازادی ڕاگەیاندن و مافی ژنانە".
لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە" ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەكەم و کۆتا ڕۆژی ساڵ، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە هەریەک لە حکومەتی ناوەندی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی تیایدا بەشدارن، بەبێ بوونی هیچ نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیانیاندا، بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی سنوردار کە بۆ ژن تیڤی بەرنامە بەرهەم دەهێنێت".
کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ڕاشیگەیاندووە" ئەم بڕیارە سەرەڕای ژێر دەستەیی بڕیاری داگیرکارانی کوردستان، پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان و عەقڵییەتی شکاندنی ئیرادەی ژن و ناسنامە و بوونی ژنە، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان ڕەت دەکەینەوە و قبوڵی ناکەین، ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و تا کۆتایی بەردەوام دەبین".
تائێستا هەریەک لە حکومەتی هەرێم و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی دەربارەی هۆکاری داخستنی ئەو کۆمپانیایە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاونەکردووەتەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتی
ڕۆژی ٣١ـی کانوونی یەكەم و کۆتا ڕۆژی ساڵ، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە هەریەک لە حکومەتی ناوەندی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی تیایدا بەشدارن، بەبێ بوونی هیچ نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی سنوردار، کە بۆ ژن تیڤی بەرنامە بەرهەم دەهێنێت.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە تێکۆشانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی بێ وێنە و لە جیهانیشدا باس لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دەکرێت، بەڵام بە سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و داگیرکەراندایە و لە هەرێمێکی سەربەخۆی کوردستانیدا کە ماوەی ٣٣ ساڵە فەرمانڕەوایی کوردیی تیایدا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیایەکی \میدیای دەدرێت.
ئەم بڕیارە سەرەڕای ژێردەستەیی بڕیاری داگیرکارانی کوردستان، پێشێلکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان و عەقڵییەتی شکاندنی ئیرادەی ژن و ناسنامە و بوونی ژنە.
وەک کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە ماوەی حەوت ساڵە لە باشووری کوردستان کار دەکەین و دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشووری کوردستانین، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هەوڵە دەکەین و ڕایدەگەیەنین، بڕیارەکە پێچەوانەی هەموو قوربانیدانەکانی ژنانی باشوورە لە کایەکانی ژیاندا، بە هەموو شێوەیەک بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان ڕەت دەکەینەوە و قبوڵی ناکەین، ڕاشیدەگەیەنین کە ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و تا کۆتایی بەردەوام دەبین.
٣١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
کۆمپانیای گزنگی بەربەیان