سەرۆکی گشتی مەهەپە سەبارەت بە دیدارەکەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دەبێت تورکیا بڕیاری خۆی بدات".
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی (مەهەپە)، ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆلای عەبدوڵا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی دەستپێکێکی خێرداره بۆ دیموکراسی و برایەتی تورک و کورد و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە".
سەرۆکی مەهەپە دەشڵێت" کاتی ئەوە هاتووە قسەکان بکرێنە کردار، ئەنجامەکانیشی بڵاوبکرێنەوە".
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هێمایی بۆئەوەشکردووە" پێویستە هیچ هەنگاوێک لە سێبەری تیرۆر نەمێنێت، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش بابەتی لە پێشینەیە بۆ فەراهەمکردنی کۆدەنگی کۆمەڵگە و برایەتی".
رۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە پێکهاتبوون سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانییکراوی پەکەکەیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی کرد.