بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ئاهەنگگێرانی سەری ساڵی نوێدا لە سەرتاسەری عێراق، ١٤٣ کەس بەهۆی یاری ئاگرینەوەبریندار بووە ، و برینداربووانی تەقە ٤٠ كەس بووە، و بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ٢٠٣ كەس برینداربوون، و هەندێكیان كە برینەكانیان مەترسیدارەو پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی ئەو بریندارانەی ڕاگەیاند كە لە كاتی ئاهەنگی سەری ساڵدا لە سەرتاسەری عێراق تۆماركراون،و رایگەیاند" شەوی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ بریندار بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە تۆماركراون"
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی" بریندارییەكانی یارییە ئاگرینەكانی شەوی سەری ساڵ بریتی بوون لە برینداربوونی سووتانی جۆراوجۆر و برینداربوونی ڕاستەوخۆی چاو و ئەندامەكانی تر، وەزارەتەكە برینداربوونی گولـلەی تۆماركردووە، هەندێكیان كە برینەكانیان مەترسیدارەو پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە".
بە وتەی ناوبراو تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمارنەكراوە، بەڵام هەندێك لە برینداربووان سەختن و چارەسەر وەردەگرن،هەروەها بەپێی ڕێنماییەكانی وەزیری تەندروستی لە دوێنێوە وەزارەتی تەندروستی لە ئامادەباشیدایە، لە سەرجەم هۆڵەكانی فریاكەوتن لە ڕێگەی بوونی پزیشك و موقیم و پسپۆڕان، لەگەڵ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان.
ئاشكراشیكرد" كۆی گشتی بریندارەكان بەهۆی یارییە ئاگرینەكانەوە ١٤٣ كەس بووە، و برینداربووانی تەقە ٤٠ كەس بووە، و بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە ٢٠٣ كەس برینداربوون، برینداری هەمەجۆریش ١٧٨ كەس بووە لە سەرجەم پارێزگاكان".