جەمیل بایك دەڵێت: کاریگەرییەکانی ڕووداوەکانی ناوچەکە عێراقیش دەگرێتەوە و دوای سوریا نۆرەی عێراق دێت، ئامۆژگاری حکومەتی عێراقیش دەکات و دەڵێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا سودی نابێت، ڕەخنە لە پەیوەندییەکانی بارزانی و تورکیاش دەگرێت و ڕایگەیاند، ئەو پەیوەندییانە باشووری ڕووبەڕووی مەترسی گەورە کردووەتەوە.
جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی کانوونی دووەم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پەكەكە، ڕایگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین کاریگەری بەرکەوتوە بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتەی کە زۆرترین کاریگەری ڕەوشی نوێی سوریای لەسەر بوە، عێراقە.
ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرەتا لە غەززە، پاشان لوبنان، ئێستا لە سوریا هێزی ئێران شکێنرا، بە ڕەچاوکردنی هێزو کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە پاش سوریا نۆرەی عێراقە. ئەم گریمانەیە زۆر رێی تێدەچێت، لەم ڕوەوە، ڕەوش و ئایندە عێراق تەواو ناڕونە."
وتوشیەتی"ئێران لەمێژە بوەتە ئامانج لە چوارچێوەی پلانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل. پلانەکە وایە بە شکاندنی هێزی ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوبارە دیزاین بکەنەوە. لە هێرشەکانی سەر حەماسەوە تا ڕوخاندنی ڕژێمی سوریا، ئامانجی سەرەکی هەمو هێرشەکان ئێرانە."
جەمیل بایك دەربارەی ڕێککەتنامەکانی نێوان تورکیا و عێراق وتویەتی"دەبێت عێراق پەند لە دۆخی سوریا وەرگرێت. بە هاوکاری ئەردۆغان ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشێندرایەوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت ئیدارەی دیمەشق وەک ولایەتێکی خۆی بەڕێوەبەرێت. کاتێک بەیانی بڕیارێکی لەم شێوەیە بەرانبەر عێراق بدرێت، دەتوانرێت لێرەش دەوڵەتی تورک بەشدار ببێت.
بە هاوکاری ئەردۆغان عێراق دابەش بکەن، یان بیخەنە دۆخێکی هاوشێوەی دیمەشقەوە. لەم دۆخێکی وادا ئەو ئیدارەیەی لە بەغدا هەیە لە ویلایەتێک زیاتر هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نییە. بەڕاستی سەیرە ئەم بابەتە لە لایەن عێراقییەکانەوە نابیندرێت. تێناگەین لەوەی عێراقییەکان ئەمە نابینن یان دەیبینن بەڵام ناتوانن کاریگەی لەسەر سودانی دابنێن. پەیوەندی دانانی لەگەڵ تورکیادا هیچ سودێک ناگەیەنێت بە عێراق. بە پێچەوانەوە ئەم پەیوەندییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ عێراق."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەمیل بایك ئاماژەی بەوەداوە كە "پارتی و بارزانی بەتەواوەتی چارەنوسی خۆیان بە دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەوە بەستوەتەوە. بەگوێرەی ئامانج و پلانەکانی دەوڵەتی تورک دەجوڵێتەوە، نەک بە گوێرەی خواست و ئایندەی گەلی کورد. هەمو ئامانجەکانی قازانجی ئابورییە. جگە لەمە هیچ بیرکردنەوەیەکی دیکەی نییە. پەدەکە و بارزانی بە تەواوەتی لەسەر بناغەی هاوکاریدان. بە هۆی ئەم هاوکارییانەوە باشوری کوردستان دوچاری مەترسییەکی گەورە بوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویداوە، حەماس و حزبوڵا لاوازبوون و حکومەتی بەشار ئەسەدیش ڕووخاوە، لە ئێستاشدا هێرش بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن بەردەوامە و بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشە لە حەشدی شەعبی عێراق دەکەن و تەنانەت دەشڵێن دەبێت سەری مارەکە واتە ئێران بکرێتە ئامانج.