سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان گوندەکانی دوروبەری حەسەکەیان بۆردوومان کرد

ماوە نزیک ٤ هەفتەی شەڕ لە نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و هەسەدە لە بەنداوی تشرین بەردەوامە ولە ئێستاشدا شەڕ و پیکدادانی قورس لە دەوری بەنداوی تشرین لە باشوری کۆبانێ بەردەوامە، هەروەها ئەمشەو هاوپەیمانەکانی تورکیا شاری حەسەکەیان بۆردوومان کردووە، هاوکات ،ئەمریکا درۆنێکیان خستووتەخوارەوە. 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بە تۆپی قورس گوندەکانی خەزراوی و تەل حەرمل و موشیرفەیان لە دەوروبەری حەسەکە بۆردوومان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی زیانەکان نییە.

هاوکات، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی خەراب جیر لە رمێلانی باکووری پارێزگای حەسەکە، درۆنێکیان خستووەتەخوارەوە.

بە پێی هەواڵی روانگی سوری درۆنەکە ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر بنکەکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تەقێندراوەتەوە و هێزەکانی ئەمریکا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاستێکی نزمدا بە ئاسمانیی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.




AM:11:40:02/01/2025