هەسەدە تێکشکاندنی هێرشێکی چڕی هاوپەیمانەکانی تورکیا لە سنوری منبج ڕاگەیاند و دەڵێت، تورکیا بۆردومانی چڕی بەنداوی تشرین دەکات و بەرپرسیارە لە هەر زیانێک کە بە بەنداوەکە بگات.
هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناسراو بە (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەڕڤانان هێرشێکی چڕ و بەرفراوانی گروپەچەکدارەکانی هاوپەیمانەکانی تورکیایان لە گوندەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی منبج تێکشکاندوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، شەڕڤانان هاوکاتی تێکشکاندنی هێرشەکەی تورکیا و هاوپەیمانەکانی، بە دەیان چەکداریان کوشتوە و شەش ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و تانکێک و دو بارهەڵگر و دۆشکەیەکیان لەناوبردوە.
هەسەدە وردەکاریی زیاتری داوە لەسەر هێرشی چەکدارەکان و وتویەتی، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و تانک و زرێپۆشە مۆدێرنەکانییان، پاڵپشتی چەکدارانیان کردوە لە هێرشەکانیان و هاوکاتی ئەوە، تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکانییەوە بۆردومانی چڕی بەنداوی تشرینی کردوە.
هۆشداری داوە لەوەی کە زیان بەر کەرتی خزمەتگوزاریی کەوتوە، بەرپرسیارییەتی هەر زیانێکیش کە بە بەنداوەکە بگات دەخاتە ئەستۆی تورکیا.