بڕیارە شاندێکی دەمپارتی ڕۆژی دوشەممە ٦ی ئەم مانگە سەردانی ئاکەپە بکات و لەجێی ئەردۆغان، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکە لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، رۆژی ٦ی کانونی دوەم شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان ناسراو بە (دەمپارتی) بۆ گەیاندنی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمڕاڵی، لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان ناسراو بە (ئەکەپە)ی دەسەڵادار کۆدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حیزبەکە بەشداری کۆبونەوەکە ناکات و بۆ شووینگرتنەوەی لە کۆبونەوەکەدا عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە نوێنەراتی دەکات.
هەر بە گوێرەی خشتەی کۆبونەوەکانی شاندەکەی دەمپارتی داواکراوە لە ڕۆژی ٦ی مانگدا لەگەڵ ئوزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپەش کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا جەهەپە وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە، هەمان ڕۆژ سەردانی پارتەکانی سەعادەت و ئایندە دەکات.
لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی مانگیشدا سەردانی هەریەکە لە پارتەکانی دەڤا و پارتی سەرلەنوێ ڕەفا دەکەن.