وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە هیوای بۆ سووریایەکی "خاوەن سەروەری، سەقامگیر و ئارام" خواست و وتی" پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن".
ژان نۆوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەش رایگەیاند" سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدی جێگە بە شەڕ و پێکدادان نادات. لەبەر ئەمە، پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە، تاوەکو ئەوان بە تەواوی لەم پرۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەستپێدەکات بەشداربن. پێویستە ئاگربەست بەردەوام و درێژخایەن بێت".
هەروەها وتیشی"سووریایەکی سەروەر و ئارام، جێگە بە تیرۆریزمی ئیسلامی نادات. تیرۆریزم لێی دان، تیرۆریزم لە ئێمەشی دا لە مەیدانی خۆماندا. لەبەر ئەمە شان بە شان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد. لە ٣١ی مانگی ١٢، پێش چەند رۆژێک، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی داعشمان دا. چونکە قبوڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاسایشی فەرەنسا و ئاسایشی ئەورووپا دەکات. سووریایەکی سەروەر و ئارام رێگە بە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی و کیمیایی رژێمی تاوانباری بەشار ئەسەد نادات".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە سووریا و لە یەکەم پەیامیدا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە دیمەشق، هیوای بۆ سووریایەکی "خاوەن سەروەری، سەقامگیر و ئارام" خواست ، ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای فەرەنسایە لە پاش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد.