ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە بنکەی سەربازی لە کوبانێ دابنێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێت.
 
جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سابرینا سینگ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەو زانیاریانەی رەتکردەوە سەبارەت بە دانانی بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆبانێ و، وتی" لەم کاتەدا هیچ پلان و نیازێک بۆ دامەزراندنی هیچ بنکەیەک نییە.. نازانم ئەو هەواڵانە لە کوێوە دێن."
 
ئەوە لە کاتێکدا دەنگی ئەمریکا و چەندان میدیای لۆکاڵ رۆژی پێنجشەممە بڵاویانکردەوە، ئەمریکا دیواری کۆنکرێتی دژە تەقینەوە لە حەسەکەوە بۆ کۆبانێ دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی بنکەیەکی سەربازی دروستبکات.

 ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بەنداوی تشرین و چەند ناوچەیەکی باشوری کوبانێیان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدایە کە ٢٥ رۆژە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیاوە دەکرێتە سەر ئەو ناوچانەو شاری کوبانێ و تا ئێستا دەستکەوتنی لەو شێوەیەیان بەدەستنەهێناوە.




AM:12:27:04/01/2025