وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و مەزڵوم عەبدی پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکرد

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سووریا و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکردووە

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس ژان نۆویڵ بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سووریا و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسیی داوە.

هاوکات ژمارەیەک میدیای عەرەبی وردەکاریی زیاتریان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان بارۆ و عەبدی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، لەنێویاندا هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر کۆبانێ.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختیکردووەتەوە، پێویستە شەڕ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگیرێت و هەسەدە رۆڵی گەورە لە قۆناغی راگوزەری سووریادا ببینێت.

دوێنێ هەینی ٣ـی کانوونی دووەم وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی دیمەشق کرد و چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا کەوت و داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کردبوو لەگەڵ لایەنی کوردیدا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.




AM:10:25:04/01/2025