ئەمڕۆ شەممە پارێزگای هەولێر ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە ڕوویان لە شارەکە کردبوو بڵاوکردەوە، هەروەها ژمارەی گیان لەدەستدان و ڕووداوە تۆمارکراوەکانی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لە شەوی سەری ساڵی نوێدا بەسەرکەوتووی جێبەجێکران.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە شەوی سەری ساڵدا ٦٣ هەزار گەشتیار لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٦ ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١٤ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر لەو شەوەدا ١٣٥ تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراون، ١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە، هەروەها ١٦ هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەپێی بەیاننامەکە.