بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیەنراوێکدا وێرای ئیدانەکردنی "تاوانەکانی تورکیا" داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە ڕابگرن و ئاماژە بەوەدەکات کە تورکیا دەیەوێت قەیرانێکی مرۆیی دروست بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" تورکیای داگیرکەر و میلیشیاکانی بە ئامانجی پەکخستنی خزمەتگوزارییە ژیارییەکان و کەرتەکانی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی بنکە و ژێرخانەکان".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" ئامانجی تورکیا دروستکردنی پشێوی و نەهێشتنی سەقامگیریی و ناردنی پەیامی ئەوەیە بۆ گروپە تیرۆریستییەکان و لەسەرووی هەمووشیانەوە داعش، کە تورکیا پشتیوانیی هەوڵەکانی گەڕانەوە و زیندووبوونەوەیان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕاشیگەیاند" هێرشەکانی تورکیا بە تایبەتیش بۆ سەر بەنداوی تشرین و شارەوانیی لە جورنیە و بەئامانجگرتنی ناوەندی کارەبا تاوانێکی ڕوون و پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە".
هەروەها ئاشکراشی کردوە" هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی تاوانەکانی تورکیا، داوش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی و هەموو ئەو هێزانەی پەرۆشن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا دەکات سنوور بۆ ئەو کارانەی تورکیا دابنێن".