نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی گرێبه‌ست رایگه‌یاند، رۆژی سێشه‌ممه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا، موچه‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ست بۆ مانگی ١١ دابه‌شده‌كرێت.
كارۆخ عه‌بدوڵا نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی گرێبه‌ست لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا راگه‌یاند، "ڕۆژی سێشه‌ممه ٧ی كانوونی دوه‌م، موچه‌ی مانگی ١١ی مامۆستایانی گرێبه‌ست دابه‌شده‌كرێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، سبه‌ی دوشه‌ممه‌ش موچه‌ی مانگی ١١ ده‌كرێته چه‌ك".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تاوه‌كو ئێستا شایسته‌ی مانگه‌كانی ٧ و ٨ی مامۆستایانی گرێبه‌ست له‌سنوری په‌روه‌رده‌كانی هه‌ولێر و دهۆك دابه‌شنه‌كراوه، بڕیاره دوای دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ١١ له‌هه‌فته‌ی داهاتودا دابه‌شبكرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە شایسته‌ی ئه‌و دو مانگه له‌سنوری په‌روه‌رده‌كانی سلێمانی به‌ر له‌سه‌ری ساڵ دابه‌شكراوه.
به‌وته‌ی كاروخ عه‌بدوڵا، ژماره‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ست له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی ٣٨ هه‌زار کەسە و موچه‌ی مانگانه‌یان به‌تێكڕا نزیكه‌ی ١٩ ملیار دیناره، موچه‌ی مانگانه‌ی هه‌ر گرێبه‌ستێك له‌نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هه‌زار دینارە.