خانەنشینانی کوردستان قەرەبووی مانگەکانی پێشوو وەردەگرن

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت" ئەوانەی دوێنێ مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە، کە زیاتر بووە لە دوو ملیۆن دینار".
 
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند "دوێنێ خانەنشینانی پێش ساڵی ٢٠١٤ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر بۆ یەکەم جار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت."
 
وتیشی" ئەوانەی دوێنێ مووچەیان بۆ یەکەمجار بە هاوتاکراوی وەرگرت، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە کە بۆیان هاوتا نەکرابوو".
 
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەتا هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر مووچەی هاوتاکراویان وەرگرتووە، چونکە خانەنشینییان کەمە و دواتر تەواوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێش ٢٠١٤ خانەنشین بوون، مووچەکەیان هاوتا دەکرێت."
 
سادق شێخ عوسمان بە رووداوی راگەیاندوە "ئەوانەی تاوەکو دوێنێ مووچەکەیان ٩١٨ هەزار دینار بوو، دوێنێ بە هاوتاکراوی نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە، هەروەها بۆ چوار مانگی رابردووش بۆ هەر مانگێک ٥٠٠ هەزار دینار قەرەبوویان وەرگرتووە، چونکە پێشتر کە هاوتاش نەکرابوو مووچەکەیان ١٠٠ هەزار دینار زیادیکردبوو."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٦٠ هەزار خانەنشینی مەدەنی و ٧٠ هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.




PM:01:55:06/01/2025