سەنتەری میترو: پێشوازیی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەکەین

سەنتەری میترو پێشوازیی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات و خۆشحاڵە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دوای بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای زیندانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە" پێشوازیی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، دەكەین".

نەریمان ئەحمەد، پارێزەری ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاندووە " دادگای پیداچونەوە بڕیاری (ئازادكردن)ـی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ی دەركردووە."

سەنتەری میترۆ، پێشوازیی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات و خۆشحاڵە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دەستخۆشی لە پارێزەر (نەریمان ئەحمەد) و هاوكارانی لەتیمی پارێزەرانی ئەم كەیسە ( پارێزەر بەشدار حەسەن، پارێزەر ڕێباز وسو) دەکات.

سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژ نیوز، بۆ بەشداریی لە پرسەی باوکی، سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبوو، ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی، لە دەروازەی فیشخاپور دەستگیر كرا.






PM:02:44:06/01/2025