ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لەناو فەرماندەیی زێڕەڤانی لە هەولێر ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگە برینداربوون.
بەپێی هەواڵێکی میدیای فەرمی پارتی، ئەمڕۆ لە ناو فەرماندەیی زێرەڤانی لە هەولێر لە کاتی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێناندا بۆمبێک تەقییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگە برینداربوون، لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ پێشمەرگەیەک بە ناوی (محەمەد ئەحمەد مستەفا) لە فەوجی یەکی لیوای چواری پیادە، لە کاتی ئەرکی خۆیدا لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی سنوری ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی مینێکی چیندراوی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.