ئەمڕۆ دووشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەسەر داوایەکی دادگای فیدراڵی ژمارەیەک بارەگا و ئۆفیس و ناوەندەكانی سەر بە حزبەكانی (تەڤگەری ئازادی، حیزبی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی و حیزبی بەرەی خەباتی دیموكراتی) داخست، بەمەبەستی نەرمی نواندنێک بەرامبەر تورکیا تا فڕۆکەخانەی سلێمانی بکاتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەمڕۆ ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ شەش مانگی دیکە تازە کردەوە.
داخستنی ئاسمانی تورکا بە ڕووی سلێمانیدا لە ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد کە گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا راگیراون و راگرتنەکە ئەو گەشتانەش دەگرێتەوە کە ترانزێتیان دەکەوێتە تورکیاوە، هەروەها ئاسمانی تورکیا بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراون کە هاتووچۆ بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەن.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو کاتەدا هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرا کرد و هۆکارەکەی بۆ "دزەکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان" بۆ ناو فڕۆکەخانەی شارەکە گەڕاندەوە.