مەسرور بارزانی سەردانی توركیا دەکات و له‌گه‌ڵ ئەردۆغان كۆده‌بێته‌وه‌

ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ مەسرور بارزانی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێک سەردانی توركیا دەكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە و بەرپرسانی دیکە کۆدەبێتەوە. 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە پێشوازی لە مەسرور بارزانی دەکات.

هەروەها بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی، مەسرور بارزانی لە دەستپێكی كۆبوونەوەكانیدا سەرەتا چاوی بەهاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەوێت و دواتر بەرپرسانی دیکە ئەو وڵاتە و پاشان لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا کۆدەبێتەوە. 

ئاماژە بەوەشدەکەن، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و بەرپرسانی باڵای تورکیا دەبێت، هاوکات مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا باسی كێشەی كورد لە سووریا دەکات.

دواین سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ڕۆژی ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بوو كە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاكان فیدان كۆبوویەوە.



AM:09:59:07/01/2025