هەسەدە لەبارەی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا زانیاری نوێی ڕاگەیاند

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) سەبارەت بە شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا ڕایدەگەیەنێت" ده‌یان چه‌كدار كوژراون و ژماره‌یه‌ك تانك و ئۆتۆمبێلیش ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و بەکارهێنانی تانک و زریپۆشی قورس، هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانیان گەیاند و ژمارەیەک چەکدار کوژران، ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکانیان، جێگای ڕادارەکانیان ڕووخێندرا و خاڵی و کۆبوونەوەکانیان کرانە ئامانج". 

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت" لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمانکاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران". 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل ئریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند، هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون، هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە". 

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت" ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دوژمن کە هەوڵی پێشڕەوی بوو بەرەو خاڵەکانی شەڕڤانانمان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە تێکشکێنرا، دواتر دیمەنی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بڵاودەکەینەوە، هەروەها مینێک بە ئۆتۆمبێلی چەتەکاندا تەقیوەتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەزانراوە". 

هەروەها هاتووە" هێزەکانمان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی گردی سیراتەلدا دوو زرێپۆشی چەتەکان و ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازیشیان تێکشکاند، لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتش کوژران، کە هێشتا تەرمی چەتەکان لە زەوییە". 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" یەکینەکانی شەهید هارون، بە گشتی گورزیان لە ٢٧ خاڵی و کۆبوونەوەی هێزەکانی دەوڵەتی  تورکیا و چەکدارەکانی سەر بە تورکیا وەشاندووە، لە نێویاندا ناوەندێکی ڕادار، زرێپۆشێک و پێنج ئۆتۆمبێلیان تێکشکاندووە و لە ٢١ خاڵی و کۆبوونەوەی چەتەکان دراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە کوژران و بریندار بوون". 



PM:01:08:07/01/2025