مەهاباد.. دوو کەس بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان" لە سێدارەدران

دوو بەندکراوی خەڵکی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان "بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی" بۆ سەر ژمارەیەک کچی شارەکە لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد لە سێدارەدران. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویکردەوە" دوێنێ دووشەممە سزای سێدارەی عەلی ئاتین تەمەن ٢٨ ساڵ و ڕەزا سەیدی تەمەن ٤٨ ساڵ، دوو بەندکراوی خەڵکی سەردەشت لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد جێبەجێکران". 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بۆ ژووری تاکە کەسی گوازراونەتەوە و لە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێکراوە". 

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" ئەم دوو بەندکراوە لە سێ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکراون و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە". 

ڕێکخراوەکە دەشڵێت" ئەم دوو کەسە لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئاشکراکردنی بوونی باندێکی دەستدرێژیکار لەلایەن ژنان و چالاکانی مەدەنی خەڵکی سەردەشت، دەستبەسەرکرابوون، ئەم چالاکانە ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٠٢١ بە گردبوونەوە لە گۆڕەپانی سەرچەشمەی سەردەشت بوونی ئەم گرووپەیان ئیدانە کرد و خوازیاری دەستبەسەرکران و سزادانی ئەندامانی ئەم گروپە بوون". 



PM:01:25:07/01/2025