لە بارەی پێدانی تاقیگاکان بە کەرتی تایبەت د. سامان بەرزنجی: پەرلەمانتارەکان موزایدەچی‌‌‌و پۆپۆلیستین


رۆژ بەرۆژ ناڕەزایەتی لەسەر پێدانی تاقیگای نەخۆشخانەکان بەبێ تەندەرین لە فراوانبووندایە، هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی سێ فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمیان رەتکردەوە، وەزیری تەندروستی هەرێمیش لە هەولێر رایگەیاند" ئەو پەرلەمانتارانە موزایەدە دەکەن و پۆپۆلیستین".

لە سەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەبارەی پێدانی تاقیگاکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بە کەرتی گشتی، وتی " ئەو لێدوانانەی پەرلەمانتاران بۆ میدیاکان بڵاویدەکەنەوە، چواشەکردنە و دوورە لە راستی و رەتیدەکەینەوەو هیچ تاقیگەیەکی حکومی رادەستی کەرتی تایبەت نەکراوە".

وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە کە یەک " لە تاقیگاکاندا یەک پوول لەسەر هاوڵاتیان زیاد نەکراوە".

د. سامان بەرزنجی وتیشی" ئەم لێدوانانەی پەرلەمانتاران هاوشێوەی ئەو لێدوانانەن کە دژی پرۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێم نراون، لەوانە نرخی دەرمان و هەژماری من و کامێری تو پۆینت تو، پریپەیدی کارەبا". 
 
ئەمڕۆ لە سلێمانی سێ فراکسۆنی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا هێرشی توندیان کردە سەر پێدانی پشکینینی تاقیگاکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بە کۆمپانیایەک، بەبێ تەندەرین و شەفافیەت و تۆمەتباریان کرد بە " گەندەڵ".

دەقی قسەکانی وەزیری تەندروستی لەم لینکەوە ببینە..




PM:04:28:07/01/2025