دەست بە دابەشکردنی پارەی بژمێرەکانی سەرژمێری گشتی دەکرێت

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پارەی بژمێرەكانی تایبەت بە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دابەش بكرێت.

دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ڕایگەیاند" پارەی تەواوی ئەو بژمێرانەی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانیان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە برد، خەرج كراوە".

وتیشی" ئەمڕۆ و سبەینێ پارەی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەرەكان دابەش دەكرێت و هەر لەدوای ئەوانیش، پارەی تەواوی بژمێرەكان دابەش دەكرێت".

ڕاشیگەیاند" گرێبەستی چوار مانگی لەگەڵ بەشێك لە بەڕێوەبەرەكان و یاریدەدەری بەڕێوەكان كراوە، بەڵام لەگەڵ بژمێرەكان بەگشتی گرێبەستی دوو مانگی كراوە، مانگەكانی ١١ و ١٢، بۆ هەر مانگێك ٢٥٠ هەزار دیناریان پێ دەدرێت".

ئاشكراشی كرد، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، ١١ هەزار بژمێر هەن و ئەو پارەی وەریدەگرن، تەنها هی مانگی ١١یە".

ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، تاكو ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بەردەوام بوو.



PM:08:03:07/01/2025