لە ئیلام ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێکی کورد لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ سێشەممە ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی زارا شەهبازی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری ئیلام، ناوەندی پارێزگای ئیلام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە و لە پێش چاوی منداڵە ١٤ ساڵانەکەی بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە کوژرا.

ڕێکخراوی هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، زارا شەهبازی لە تەمەنی ١٤ ساڵی بە زۆر ناچار بە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری کراوە و قوربانی منداڵ هاوسەرییە.

هەنگاو دەشڵێت" بکوژ هاوسەری تەمەن ٣٢ ساڵی ئەم ژنە بووە و دوای ئەم تاوانە هەڵاتووە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو دەستیپێکردووە". 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا لە پارێزگای ئیلام ٩ حاڵەتی ژنکوژی تۆمارکراون کە یەکێک لەو پارێزگایانە بووە کە زۆرترین حاڵەتی ژنکوژی تێیدا تۆمار کراوە.



AM:08:30:08/01/2025