ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی مووچە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی دارایی ساڵی ڕابردوو و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە. 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، كۆدەبێتەوە و تێیدا سێ بڕگە تاوتوێ دەكەن.

لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێك لەبارەی دۆخی دارایی ساڵی ڕابردوو لەبەر ڕۆشنایی دواڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵ دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پشتبەستنی ژمارەی كەسی بێهاوتا (UPN) و ئەنجامی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا بەرەپێشچوونەكانی پرۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی ناوەندی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (پرۆژەی سیستەمی پەیرۆڵ) بەپێی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.



AM:10:06:08/01/2025