سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕایدەگەیەنێت" جیهان زیاتر لەبارەی تاوانی هەڵەبجەوە نازانێت". هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی.
عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری هەڵەبجە، ڕایگەیاند" تاوانی هەڵەبجە دەستدرێژیکردنە سەر مرۆڤێک تاوانێکە پێویستی بە بانگەشەکردن هەیە لەسەری، خەڵکی هەڵەبجەش ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرن بەتایبەت نەوە نوێیەکان، وەک چۆن جیهان زیاتر لەبارەی هەڵەبجە نازانێت".
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وتیشی" ئەم تاوانە لەو کاتەدا کەوتۆتە ژێر ڕوماڵی میدیاکانەوە، بەڵام تا ئێستاش تاوانی هەڵەبجە بەپێی قەبارەکەی دانپێدانەنراوە".
حەکیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی" هەڵەبجە پێویستی بە بنکەی تەندروستی، چاکسازی دەروونی، و بنکەی ژینگەیی هەیە".
هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، هەڵەبجە وەک پارێزگایەک دەنگی پێبدرێت کە" تەرخانکردنی زیاد دەکات و دەرفەتی وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت، و ئەمەش باشترین ڕێزلێنانە بۆ خانەوادەی شەهیدان".
دەشڵێت" ئامادەبوونمان لێرە و سەردانمان بۆ ئەم شارە دەربڕینی هاوخەمیمانە بۆ شەهیدان و هاوسۆزیمان لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە، هاوکات پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانە لە نێوان گەلدا، داوای زیندوو ڕاگرتنی تاوانەکە لە ویژدانی مرۆڤایەتی و وەرگرتنی وانە دەکەین، بۆ ئەوەی شتێکی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە".
دوێنێ عەممار حەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمە سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە و دواتر سەردانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی کرد.