وابڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان بۆ جاری دووەم سەردانی ئیمرالی بكات و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان دیدار بكات.
میدیای نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندی پارتەکە بۆ دووەم جار سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە و بەرپرسانی پارتەکەش بە دووری دەزانن لەو دیدارەدا پرسی چەکدانان یەکلابکرێتەوە.
هەواڵەکە کە لەسەر زاری چەند بەپرسێکی پارتی دەم بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، لە دیدارەکەدا بنەما سەرەکییەکان و ناونیشانی پرسەکان دیاریدەکرێن و گفتوگۆ لەبارەی نەخشەڕێگەی چارەسەری کێشەکان دەکرێت.
لەبارەی پرسی چەکدانانیش سەرچاوەکان بە دووری دەزانن لە دیداری دووەمی ئیمراڵیدا بانگەوازی چەکدانان بکرێت و دەڵێن، لەم قۆناغەدا ئەگەری یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە لاوازە.
بڕیارە بەر لە دیداری دووەمی ئیمراڵی، شاندی پارتی دەم سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و چەند بەرپرسێکی زیندانیکراوی کورد بکەن و پاشانیش روونکردنەوەیەکی ورد لەبارەی کۆی سەردانەکان بڵاوبکەنەوە.
دیداری یەکەمی ئیمراڵی لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا و هەریەک لە سڕی سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەسەر بازنەی ئیستانبوڵ و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەسەر بازنەی وان، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەوە.