لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم مەسروور بارزانی رایگەیاندوە، ئەگەر کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق چارەسەر نەکرێت ئەوا کورد لە حکومەت و پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە بەشداری سەرۆکی حکومەت(ماوە بۆ درێژکراوە) و هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای نکۆڵی لە هەڵسووکەوتی حکومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم چەند پیشنیازێکی وەک دژکردەوە بەرانبەر بە حکومەتی عێراق ڕاگەیاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە هەنگاوی یەکەمدا، وەزیرە کوردەکان و سەرۆکی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەوڵێر بانگدەکاتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەسەر کێشەکان پێدەدات و دووپاتیدەکاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبووە بە بەلێنییەکانی و هەموو مەرج و داواکارییەکانی حکومەتی عێراقی جێبەجێ کردووە.
مەسرور بارزانی جەختی کردوەتەوە لەوەی لە هەنگاوی دووهەمدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واتا بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانە ی وڵاتان لە هەولێر و بەغدا لەسەر پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە دوای ئاگادارکردنەوەی کۆنسولخانە و باڵیۆزخانەکان شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا و هەموو شتێکیان بۆ ڕوون دەکاتەوە و دوایین قسەیان ڵێوەردەگرێت.
لە کۆبوونەوەکانیش جەخت دەکەنەوە لەوەی چۆن کێشەکان لە ئەمساڵدا چارەسەر دەکەن و هۆشداریان پێدەردرێت ئەگەر کێشەکان وەکوو ساڵی رابردوو بەردەوامی هەبێت ئەوە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی توند وەردەگرێت.
مەسرور بارزانی باسی لە دوایین هەنگاویش کردوە و ڕایگەیاندووە یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان ئەوە دەبێت، لە ئەگەری ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت، کورد لە بەغدا و پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە.