وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی هەسەدە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ چاودێریکردنی زیندانییەکانی داعش، وتیشی، لەبەرژەوەندی ترەمپیشە داعش سەرهەڵنەداتەوە 
 
چوارشەممە ٨ی کانوونی دوەم ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە پاریس رایگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات. 

بلینکن وتیشی"١٠ هەزار گیراوی داعش لە ژێر چاودێریی دۆستە کوردەکانمان دان، لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمریکاش بلینکن ڕایگەیاند: ترەمپیش بەرژەوەندی لەوەدایە، کە داعش سەرهەڵنەداتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە لەوەی تورکیا  نیگەرانیی رەوای لە پەکەکە و تیرۆر هەیە، باسی لەوەش کرد، واشنتۆن هەموو هەوڵی دەدات بۆ سەقامگیری لە سوریا و هۆشداریشیدا لەوەی، لە بەرژەوەندی هیچ وڵاتێکدا نییە ئەگەر تەنگەژە لە سوریا پەرەبستێنێت

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەسەدە ڕایگەیاند: بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامە و مەترسی ڕووخانی بەنداوی تشرین لەزیادبووندایە.




PM:09:48:08/01/2025