دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی كچە چالاكوانێكی كوردی پەسەند کرد

سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لایەن دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. 

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانوونی دوەم بڵایکردەوە: سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە باسی لەوە کردوە: لقی دیوانی باڵا "بەبێ هیچ سەرنجدانێک بە کێشە جۆراوجۆرەکانی دۆسیەکە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیی پشتڕاست کردووەتەوە".

دەشڵێت "ئەو شێوە سزایە، لە بنەڕەتدا لە دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی دادوەریی ئێرانە".

پارێزەرەکانی ئەو چالاکە سیاسییە پێشتر بە ئاماژەکردن بە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە ئەگەری بێبەریکرانی ناوبراو لەدوای داوای پێداچوونەوەی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.

ئەو پارێزەرە نووسیویەتی "دیوانی باڵای وڵات وەڵامی هیچ یەک لەو کێشانەی کە لە دۆسیەی پەخشان عەزیزیدا بوونی نەداوەتەوە و هیچ سەرنج و گرینگییەک بە کێشەکانی ئەو دۆسیە وەکوو کێشە بنەماییەکانی نەدراوە."

پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤، بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.




PM:11:33:08/01/2025