هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرایان کرد کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێی باکووری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجدا ٦٣ چەکداری تورکیا کوژراون و ٣٧ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات) هەسەدە) بڵاویانکردەوە کە" لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێی باکووری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجدا ٦٣ چەکداری میلیشیاکانی سەر بە تورکیا کوژران و ٣٧ی دیکەش برینداربوون کە برینی زۆربەیان سەختە".
ئەوەشی خستەڕوو کە دوێنێ میلیشیاکان بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگی و درۆنەکانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی تەل زمالە و عەلوش و تەل عەریش و گردی سیریتەل ئەنجام دا کە دەکەونە دەوروبەری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجەوە.
ڕوونیشیکردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات توانییان هێرشەکە تێکبشکێنن کە تا دوێنێ شەو بەردەوام بوو و جگە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکان بۆ ٦٣ چەکدار، تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێندران و گورز لە سێ زرێپۆشیش وەشێندرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە کە میلیشیاکان دوای تێکشکاندنی پەلامارەکەیان هەڵاتوون و تەرمی کوژراوەکانیشیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە.