برایەکی ڕامین حسێن‌ پەناهی لە شوێنی کارەکەی دەستگیرکرا

ئەفشین حسێن‌ پەناهی بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و برای ڕامین حسێن‌ پەناهی بەندکراوی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شەش ساڵ پێش ئێستا لەسێدارە درا، جارێکی دیکە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنی کارەکەی دەستگیرکرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ چوارشەممە ئەفشین حسێن‌ پەناهی تەمەن ٣٣ ساڵ و خێزاندار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا. 

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ هەنگاو کردووە و ڕایگەیاندووە" ئەو هێزانە دوای دەستگیرکردنی ئەفشین حسێن‌ پەناهی، بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاوڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە". 

تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاوڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ئەفشین حسێن‌ پەناهی ساڵی ٢٠٢٢ بەبێ ئامادەبوونی لە دادگا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر (سەعیدی) سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو هاوڵاتییە هەروەها ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران سزای هەشت ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە ماوەی شەش ساڵ بەندکردنی بۆ ناوبراو جێبەجێدەکرا. 

ناوبراو دوای تێپەڕکردنی نزیکەی سێ ساڵ لە سزای شەش ساڵ بەندکرانەکەی، بە لێبوردنی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا. 

هەروەها ڕامین حسێن‌ پەناهی، چالاکی سیاسی کوردی تەمەن ٢٤ ساڵ و برای بچووکتری ئەفشین حسێن‌ پەناهی خەڵکی گوندی قروچای سەر بە شاری دێولان، بەرەبەیانی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ لەگەڵ زانیار و لوقمان مورادی، دوو بەندکراوی سیاسی کوردی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج "بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و وەستانەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران و ئەندامێتی کۆمەڵە" لە سێدارە درا و کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستاش تەرمەکەیانی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.



PM:06:01:09/01/2025