عەبدوڵڵا وەیسی: کورد سەری مار نییە، بەڵکو قوربانیی ژەهری مارەکانە

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەمینداری پێشوتری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان کە کوردی وەک سەری مارەکەی ئاڵۆزییەکانی سوریا ناوبرد، ڕایگەیاند"کورد سەری مار نییە، بەڵکو قوربانیی ژەهری مارەکانە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی کانوونی دوەم  عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێم ڕایگه‌یاند، " بە درێژایی مێژوو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووەتە قوربانی دەستی بیری شۆڤێنی و دیکتاتۆرییەت و بەو هۆیەشەوە تووشی نەهامەتی گەورە هاتووە.

جەختیشی کردەوە لەوەی، کورد وەکوو هەموو نەتەوەکانی سوریا مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکات و وەسفکردنی کورد بە سەری مارەکە ڕێگە بۆ دووبەرەکی و فیتنەگەری خۆش دەکات.

عەبدولڵا وەیسی دووپاتیشیکردوە کورد نەک سەری مار نییە بەڵکوو قوربانیی ژەهری مارەکانە.

وتەکانی عەبدوڵلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی لە کاردانەوە بە  قسەکانی  سوبحی ته‌فیلی ئەمینداری پێشوتری حزبوڵڵای لوبنانی لەوتارێکدا باسی لەوەکردبوو، "ڕێگەم پێبدەن بەسوریا بڵێم سەری مارە کوردییەکەی خۆی ببڕێت، ئەگەر سەری مارە کوردییەکە ببڕدرێت، هەموو شتێک لەسوریا کۆتایی دێت، لەسوەیداو ناوچەکانی دیکە ئەو دەنگە نەشازانە نامێنن".




PM:07:42:09/01/2025