بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بەردەوامە و پێشنیازکراوە هێزەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا ئاسایشی ئەو ناوچەیە لە ئەستۆ بگرن.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە فەڕەنسا کردووە هێز رەوانە بکات بۆ پاراستنی ناوچەی لەچەکداماڵراو، پاراستنی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا.
رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە، تاوەکو ئێستا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تورکیا و فەڕەنسا وەڵامی داواکارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرییان نەداوەتەوە و ئەمریکاش هیچی لەوبارەیەوە نەگوتووە.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر فەڕەنسا بتوانێت تورکیا بەم پێشنیازە رازیبکات دەستبەجێ پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکەن.
تورکیا بەبیانووی پاراستنی سنوورەکان و بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، بەڵێنیداوە کۆتایی بەهێزەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لەسووریا بهێنێت کە بەشێکی سەرەکیی هەسەدە پێکدەهێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دوروبەری و هەسەدەش پێشنیازی کردووە بۆ رێگری لە دروستبوونی شەڕ، کۆبانێ بکرێتە ناوچەیەکی لەچەکداماڵراو بەڵام تا ئێستا تورکیا بەو پێشنیازە رازی نەبووە.