یەکێتیی خانەنشینان: لە دوو مانگی داهاتوودا مووچەی سەرجەم خانەنشینان هاوتا دەکرێت

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرینەی خانەنشینان مووچەکانیان هاوتاکراوە، تاوەکو دوو مانگی دیکە هەموو خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەیان هاوتادەکرێت. 
 
ئەمڕۆ پینجشەممە ٩ی کانوونی دوەم سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لە زۆربەی شارە بچووکەکانی وەک هەڵەبجە، کۆیە خانەنشینان مووچەی مانگی ١١یان بە هاوتاکراوی وەرگرتووە، لەگەڵ قەرەبووی چوار مانگی رابردوویان". 
 
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان وتیشی: "بەشێکی ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی ٢٠١٤ خانەنشین بوون ماون تاوەکو مووچەکانیان هاوتا بکرێت، بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا هەموو خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچە بە هاوتاکراوی وەربگرن."
 
 لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٦٠ هەزار خانەنشینی مەدەنی و ٧٠ هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 

 



PM:10:43:09/01/2025