لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە سێ ئەندامی خێزانێک بە هۆی ژەهراویبون گیانیان لەدەستدا.
حوسێن جەعفەری، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە کە لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگاکە، چوار ئەندامی خێزانێک بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
حوسێن جەعفەری وتیشی "بەڵام بەداخەوە سێ لە ئەندامانی خێزانەکە کە ژنێک و دوو منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا و تەنیا یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە کە پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵانە، رزگاری بووە".
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، لە ٢٢ی ـ ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم ٣٣ کەس بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون کە پێنجیان گیانیان لەدەستداوە.