له‌ شارەکانی سەقز، سنە و کرماشان سێ ژن كوژران

سێ ژنی گەنجی خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان كوژران كه‌ یه‌كێكیان به‌ده‌ستی هاوسەرەکەی و یه‌كێكی دیكه‌یان به‌ده‌ستی كه‌سێكی نه‌ناسراو و ئه‌وی دیكه‌یان به‌ده‌ستی داواکارەکەی كوژراون. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کەوسەر دارابی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە دەوروبەری کرماشان کوژرا.  

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەوسەر دارابی دوو مانگ پێش ئێستا ناچار بووە لەگەڵ ئەم کەسە هاوسەرگیری بکات و پێش ئەوەی بکوژرێت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە سەختی لێی دراوە، شایانی باسە کە بکوژ ئێستا دەستبەسەرکراوە.  

ڕێکخراوی هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێک بە ناوی سارا کەرەمی خەڵکی سەقز و دایکی کوڕێکی شەش ساڵان، لەلایەن کەسانی نەناسراو لە ماڵی بنەماڵەییەکەی خۆی لە گەڕەکی بەهارستانی سەروو لە شاری سەقز کوژراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، قوربانییەکە کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بووە، کاتێک لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی تەنیا بووە، کوژراوە و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە، غەزاڵە حدودی تەمەن ٢٧ ساڵان و دایکی کچێکی ١١ ساڵان و خەڵکی سنە، لە دوکانی بەرگدورییەکەی کە لە گەڕەکی نایسەری ئەو شارەیە سوتێندرا، دواتر گیانی له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ هه‌وڵی سوتانی غەزاڵە حدودی داوه‌ برینداربووه‌ و ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ ژێر ده‌ستبه‌سه‌ریدا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی غەزاڵە ڕوبه‌ڕووی بوه‌ته‌وه‌ و ویستویه‌تی رێگری لێبكات.



PM:05:49:10/01/2025