بەڵگەی پێدانی تاقیگا پزیشکیەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بەبێ تەندەرین‌و بەبێ ختاب زەمان بڵاوکرایەوە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان ئەو لێدوان و کۆنگرە رۆژنامەوانیانەی وەزیری تەندروستی رەتدەکاتەوەو دەقی ئەو بەڵگەنامەیە بڵاودەکاتەوە کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچوو بەبێ تەندەرین و بەبێ ( ختاب زەمان ) تاقیگا حکومیەکان دراوە بە کۆمپانیایەک.

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری کوردستان لە هەژماری خۆی ئەو بەڵگەنامەیە بڵاودەکاتەوە کە واژووی د. ئومێد سەباحی لەسەرەو ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە کە تیایدا هاتووە " لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی خزمەتگوازی تاقیگەیی و پێداویستیەکانی تاقیگا حکومییەکان بدرێت بە کۆمپانیان بیدکۆ بۆ ماوەی دە ساڵ و بەپێی پێویست درێژیش بکرێتەوە".

لەو بەڵگەیەدا کە بەرواری ٢٠٢٤/٩/١٧ ی لەسەرە لە بڕگەیەکیدا هاتووە " لێخۆشبوون بۆ کۆمپانیان ئاماژە بۆ کراو لەخەتاب زەمان". (  واتە هیچ پارەیەک وەک زەمان لە بانکەکانی کوردستان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە دانانرێت).
 
شایستە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیەکانی هەرێمەوە مانگانە دەدرێت بە کۆمپانیان ناوبراو و وەزارەتی دارایش دابینی ئەو پارەیە دەکات.( لە بەڵگەنامەکەد هاتووە ).

چاودێرانی بواری تەندروستی و زۆربەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاجیاکان دژی ئەم بڕیارەی وەزیری تەندروستین کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت دراوە بۆ کۆمپانیایەو بە نایاسایی ناوزەدی دەکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرکی سەرشانی هاوڵاتی نەخۆش قورس و گران دەکات لە هەرێمێکدا کە مووچخۆرانی کێشەی گەورەی پێنەدانی مووچەیان هەیە.

بەڵگەنامەکە

 


PM:08:40:10/01/2025