شاندی ئیمراڵی سەردانی دەمیرتاش دەکات

شاندی ئیمراڵی سەردانی سیاسییە دەستبەسەرەکان لە نێویاندا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و لەیلا گوڤەن دەکات.

شاندی ئیمراڵی، لەسەر راسپاردەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان ئەنجامدەدات و سەردانی سیاسییە دەستبەسەرەکان لە نێویاندا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و لەیلا گوڤەن دەکات.

بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ شاندی ئیمراڵی سەردانی گرتووخانەی ئەدیرنە دەکات و لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆدەبێتەوە، وسبەی یەکشەممەش، لە گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگای کۆجائەلی لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ کۆدەبێتەوە.

شاندەکەی پارتی دەم لە ٢٨ی  ١٢ی ساڵی رابردوو، بە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئیمراڵییان کرد و کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە کرد.

شاندی پارتی دەم لەچوارچێوەی دیدار و سەردانەکانیاندا، سەردانی هەریەک لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، مەحمود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، عەلی باباجان، سەرۆکی دەڤا و فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی یەرەپەیان کردووە.




AM:11:36:11/01/2025