وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خواست لەسەر کارەبا بۆ زیاتر لە حەوت هەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە، دەشڵێت، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی ٢٤ كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و ٥٠٠مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە و لە کابینەی نۆیەم هەزار و ٥٠٠ مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ٤٦٠ هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە.
باسی لەوەشکردووە:هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنیەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٢:٤٤ کاتژمێر بووە.
وەزارەتی کارەبا ئەوەشی وتووە تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز، ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە.
دەشڵێت: وەزارەتی كارەبا بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا وێڕای زیادكردنی ئەو هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبایلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و بە درێژایی ٣٥٠ كیلۆمەتر هێڵی کارەبای ١٣٢ كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و ٣٣ كەی ڤی راكێشاوە و سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بونیات ناوە و کارەبای گەیاندووەتە سەرجەم ناوچە و گوندە دوورە دەستەکانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی وتووە هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی ٢٤ كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.