هاوار نیوز: بە چەکی قورس دەوروبەری بەنداوی تشرین بۆردوماندەکرێت

سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لە ئێستادا بە چەکی قورس دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی ناوچەی بەنداوەکە لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆپباران دەکەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، کەمێک پێش ئێستا گوندەکانی ناوچەی بەنداوی تشرین و دەوروبەری بەنداوەکە لەلایەن سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بە چەکی قورس بۆردومانکران. 

ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، تۆپبارانەکان بە چەکی قورس بەرەو هەڵکشان دەچێت، دوای ئەوەی دەوروبەری بەنداوەکە کراوەتە ئامانج، تورکیا لە شوێنی خۆیەوە لەسەر بەنداوی تشرین، چاودێری دیمەنەکانی کردووە. 

هاوار نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، دوێنێ سەدان کەس لە دانیشتووانی شارەکانی تەل تەمر، دەرباسیە، زەرکان، حەسەکە، شەدادی و عامودە بەرەو ناوچەی تەبقە بەڕێکەوتن و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بەو هێرشانە بکەن کە دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکردووە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی.

باسی لەوەشکردووە، فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا چەند شوێنێکی دەوروبەری بەنداوەکەی بۆردومانکردووە لەگەڵ گەیشتنی دانیشتووانی ئەو بەنداوە.

چوار ڕۆژ پێش ئێستاش کاروانێک بە هەزاران کەس لە کانتۆنەکانی ڕەقە، تەبقە، فورات و جەزیرە، بەرەو بەنداوی تشرین بە نۆرە لە بەنداوەکە و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێکەوتن. 

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر ئەو دانیشتووانەی کە دەگەنە بەنداوەکە و هێرشەکەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ هاوڵاتی و برینداربوونی ١٥ کەسی دیکە.



PM:02:21:11/01/2025