"مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت"

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزیری دارایی دڵنیایی داوە کە مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت".

ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی عێراق لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی لەبارەی شایستە داراییەکان و داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانیشتنەکەدا وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوە کە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت، بەڵام رەنگە دوابکەوێت. 

هەر ئەمڕۆ عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند" تەیف سامی لە میانی میوانداریکردنیدا لەناو لیژنەکەدا پشتڕاستیکردەوە کە مووچەی فەرمانبەران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ مسۆگەرە". 

هەروەها هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە بەشداری نوێنەرانی هەرێم لە بەغداد کۆبووەوە و تێدا سێ بڕیاردران كە بریتین لە ناردنی شاندێك بۆ بەغدا بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێم، هەروەها داوا دەکەن هەرێم بەشداربێت لە پێداچوونەوە بە پشكەكانی لە بودجەی عێراقدا و پشكی هەرێم لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان دیاری بكرێت. 



PM:06:26:11/01/2025