سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردودا تەنها ٤٥ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە ٧٣ دەزگای میدیایی و رۆژنامەنوس ئەنجامدراون و زۆرینەیشیان لە هەولێر بون...
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕاپۆرتی ساڵانەی ژمارە ٣٣ی ساڵی ٢٠٢٤ی تایبەت بە پێشلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنوسان، بڵاویکردەوە، کە ٤٥ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە ٧٣ دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنوس ئەنجامدراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ٢٠ حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕوماڵ و جیاکاری تۆمار کراوە، لەگەڵ ٢٠ حاڵەتی هێرش و سوکایەتی و راگرتن و دەستگیر کردن و هەر دو حاڵەتی لێدانیش تۆمار کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە، زۆرترین پێشێلکاری لە پارێزگای هەولێر بوە بە ١٣حاڵەت و، لە سلێمانی نۆ حاڵەت و لە دهۆکیش بە هەمان شێوە نۆ حاڵەت بوە، بەڵام لە هەڵەبجە کەمترین حاڵەت تۆمار کراوە کە تەنها دو حاڵەت بووە.
لەلای خۆیشییەوە، ڤیان عەباس، بەرپرسی لقی دھۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٤ لە سنوری پارێزگای دهۆک، ڕێژەی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بەراورد بە ٢٠٢٣ کەمی کردوە.