سەرۆک کۆماری تورکیا لەئامەدی باکوری کوردستانەوە ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بەو نەهامەتیانە بێت کە لە ٥٠ ساڵی ڕابردو توشی بون.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی کۆنگرەی پارتەکەی لە ئامەدی پایتەختی باکوری کوردستان وتاریکی پێشکەش کردو تیایدا وتی"دەرفەتێک هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو نەهامەتی و ئازارانە بهێنرێت کە لە ٥٠ ساڵی رابردودا بەرۆکی گرتون".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت بۆ هەمیشە کۆتایی بەبەڵای تیرۆر بهێنن و جەختی لەوەشکردەوە کە برایەتی کوردو تورک لەدیوارەکانی ئامەد بەهێزترە ئیسلامیش خاڵی کۆکەرەوەی هەردو لایە.
ئەردۆغان وتیشی"ئەوانەی هەوڵ دەدەن بۆ بەرژەوەندییە ئیمپریالیستەکانیان کەڵک لە هاودۆزانی سەلاحەدینی ئەیوبی وەربگرن، دوژمنی هاوبەشی هەمومانن".
لە بارەی سوریاوە وتی"دەست لە ناو دەستی یەک دەنێین و تورک لەگەڵ کورد و کورد لەگەڵ عەرەب، بە یەکەوە پەردەی تیرۆر دەدڕێنین و فڕێی دەدەین".