شەوی رابردوو، زیاتر لە ٢٠ سانتیمەتر بەفر لە سنووری مەرزی کێلێ باریوە، بەهۆیەوە رێگای گەیشتن بە مەرزەکە پەکی کەوتووە و چاوەڕێ ناکرێت ئەمڕۆ بکرێتەوە.
لەمبارەوە عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" تا کاتژمێر ٣ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠ سانتیمەتر بەفر لە مەرزی کێلێ باریبوو و ئەم بەیانییە گەیشتووە بە ٢٠ سانتیمەتر، بەهۆیەوە هاتوچۆکردن پەکی کەوتووە".
وەک باسی دەکات، بەهۆی ئەوەی ئامێریان نییە بۆ پاککردنەوەی رێگاکە، لە شەوی رابردووەوە لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی ئامێری پێویست بنێردرێت و رێگاکە لە بەفر پاکبکرێتەوە، بەڵام وەک دەڵێت، هیچ نەکراوە و پێناچێت ئەمڕۆ بتوانن رێگاکە بکەنەوە، بەهۆیەوە هاتوچۆکردن بۆ مەرزی کێلێ پەکی کەوتووە.
مەرزی کێلێ، مەرزێکی نافەرمییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، بە دیاریکراوی لە دیوی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.