نیچیرڤان بارزانی بۆ تاوتوێی مووچە و چەند پرسێکی گرنگ سەردانی بەغدا دەکات

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە و بە گشتی ئەو دۆسیانە لەنێوان هەولێر و بەغدا هێشتا چارەسەر نەکراون تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن.

بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، هەروەها بەشداریش لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
هەروەها بە پێی میدیای پارتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و لایەنی دیکەی شیعەش کۆدەبێتەوە. هاوکات بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش کۆببێتەوە.
  
بەپێی زانیارییەکانی لە کۆبوونەوەکاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان شایستە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات، بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باسی دۆخی عێراق و پێگەی لە ناوچەکە و هەڵوێستی بەرامبەر رووداوەکان بکرێت. 
 
ئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران لە کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو، لەگەڵ دۆخی سووریا دوو تەوەری دیکەن کە لە گفتوگۆکاندا باسیان لێوە دەکرێت. 
 
بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی پارتی بە گشتی ئەو دۆسیانە لەنێوان هەولێر و بەغدا هێشتا چارەسەر نەکراون تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن: 
 
- شایستە و بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان
 
- هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان
 
- کێشەی دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی
 
- کێشەی ماددەی ١٤٠ و ناوچەکان
 




AM:10:53:12/01/2025